حاجی مامۆستا مەلا محەممەدی ئیمامی لە گێڕانەوەی ڕووداو و بەسەرهاتەکانی مێژووی سەدساڵی ڕابردوو، لێزان و جێی متمانە بوو، خۆی تێکەڵاوی بەسەرهاتەکان بووە و خۆشی و ناخۆشییەکانی گەلەکەی لە نزیکەوە دیوە و چێشتووە…
حاجی مامۆستا ڕاوییەکی ڕاستگۆی مێژووی نەتەوە و ناوچەکەی خۆیەتی. ئەم بیرەوەرییانە دەبێ زۆر شتی نەبیسترا و نەگوتراوی پێ بێ و دەرخەر و ڕوونکەرەوەی زۆر لایەن و بواری تاریکی ساتە مێژووییەکان بێ.
بیرەوەرییەکانی حاجی مامۆستا تا دەگاتە شۆڕشی ئێران، زۆر ورد و تاکەکەسییانە و بە ڕاوێژی نەتەوەیی ئایینییەوە دەگێڕدرێتەوە و زۆر درەوشاوە و بەهێزەوە ئەو هاوسەنگییە دەپارێزێ. بەڵام کاتێک تێکەڵاوی لایەنێکی تایبەتی ئایینی لە کوردستان دەبێ، وەگێڕ و ڕاوی بیڕەوەرییەکان دەکەوێتە پەڕاوێزەوە و وەک تاکەکەس کەمتر دەبینرێ و چاویلکەی تایبەتی مامۆستا لەنێو هەراوبەزم و تەپوتۆزی شۆڕشدا بزر دەبێ. هەربۆیە لە سەد لاپەڕەی کۆتایی کتێبەکە، حاجی مامۆستا فریا ناکەوێ ئاوڕ لە ژیانی تاکەکەسی خۆی بداتەوە. یانی گێڕانەوه و بیرەوەری و ژیاننامە دەکەوێتە پەڕاوێزی لایەنگری کردن و هێندێکجار دژایەتی کردن.