سەیدقادر هیدایەتی
پیشاندانی هەموو d٪ ئەنجامی گەڕان
- چیرۆک و ڕۆمان
بەردینە
( تمەن )95000 لـەنـاو سەبەتەکەم دایـنـێ▫️بەپێی ئەو چەند ڕۆمانەی چاپەمەنیی خانی لە سەیدقادر هیدایەتی چاپ کردووە، ئاشکرایە ڕۆمان لە لای ئەو تەنیا بەسەرهات و چیرۆکێک نییە کە بیگێڕێتەوە. ڕۆمان لە لای سەید قادر هیدایەتی لە ئەنجامی کار کردن لەسەر زمان، تکنیک، گێڕانەوە، گەڵاڵە، دیالۆگ و… لە زەمینەی کۆمەڵگادا بەدی دێ.
▫️ئەمجارەیان لە بەردینەدا، نووسەر بە شێوازێکی جیاواز کاری لەسەر زمان، شێوازی گێڕانەوە، دیالۆگ، گەڵاڵە و تەرحی چیرۆک کردووە و لە پەنای ئەوانەوە پەرژاوەتە سەر خاڵێکی گرینگی مێژوویی.
▫️ بەردینە، لە ئەنجامی پێکگەیشتی ماکەکانی مێژووی ڕەسمی لەگەڵ مێژووی سانسۆرکراو، پێکگەیشتنی ئەدەبی زارەکی لەگەڵ ئەدەبی نووسیاری سەرهەڵدەدا.
▫️چیرۆک و بەسەرهاتی ڕۆمانەکە لەسەردەمی شاعەباسدا ڕوو دەدا، ڕووداوی مێژوویی و کارەساتی دمدم یەک لە تەوەر و تێمە سەرەکییەکانی ڕۆمانەکەیە. نووسەر بۆ گێڕانەوەی ئەو بابەتە، گێڕانەوە و زمانێکی تایبەتی خولقاندووە کە لە ئەدەبی کوردیدا قەتی کەڵک لێ وەرنەگیراوە. شێوازی نووسین و پەخشانی ڕۆمانەکە جێگای لێکۆڵینەوە و وردبوونەوەیە.
▫️وەک هەرکام لە بەرهەمەکانی پێشووی نووسەر، لە باری زمانییەوە هەوڵ دراوە زمانێکی تایبەت بە فەزا و زەمان و شوێنی ڕۆمانەکە بەدی بێنێ. واتە زمان بەپێی مەنتقی ناوەوەی ڕۆمانەکە دەخوڵقێ.
▫️وەک زۆربەی ڕەخنەگران ئاماژە دەکەن، سەیدقادر هیدایەتی پێشتر بۆ نۆڤلێتی دەنگی نوختە زمانێکی دینامیک و بەگوڕ، بۆ ڕۆمانی تۆقی عەزازیل زمانێکی خانەقایی و دەروێشانە، بۆ گابۆڕ زمانی کووچە و بازاڕ و بۆ گۆڕەشار لە زمانێکی زۆرجار مووزیکاڵ و بزۆزی زەینی کەڵک وەردەگرێ.
ئەمجارەیان لە بەردینەدا زمانێکی کەونارای بەیتبێژانە، زمانێکی دیوانی و دیوانخانی یان میرزایانە دەخوڵقێنێ.▫️ئەو زمانە کەونارایە لە بەردینەدا کۆڵەکەیەکی سەرەکییە. لە زۆر شوێندا وەک زمانی حەیران و بەندە کوردییەکان لیریک و ئاشقانە و لە کاتی پێویستدا حیماسی و پڕشکۆیە.
▫️بەردینە لە ئەنجامی بەرخورد و پێکگەیشتنی مێژوو لەگەڵ ئەفسانە و بەیتی کوردیدا، فۆرم و گێڕانەوە و زمانێکی تایبەت بەدی دێ.
▫️کارەساتی مێژوویی قەڵای دمدم لە بەردینەدا لە ململانێی مێژووی ڕەسمی و باڵادەست لەگەڵ بەیتی دمدم وەک مێژووی ناڕەسمی و پەڕاوێزخراو، پێک دێ.
▫️جودا لە گێڕانەوە و زمان، یەکێکی تر لە خاڵە بەرچاوەکانی بەردینە، چیرۆک و گەڵاڵەی پێچەڵاوپێچی چیرۆکەکەیە، کە وەها داڕژاوە تا کۆتایی خوێنەر ڕابکێشێ.
▫️دیالۆگ لەو ڕۆمانەدا ئەرکێکی سەرەکی دەگێڕێ و تەنیا قسەکردن نییە.
▫️شوێن لە بەردینەدا لە سەرەتاوە، شاری شنۆیە، دواتر دەبێتە قەزوین و ئیسفەهان(تاراوگە)، دواتر کەسایەتی دەگەڕێتەوە بۆ ورمێ و شنۆ(وڵات، نیشتمان).
▫️ڕوانینی بەردینە بۆ کارەساتی مێژوویی دمدم چەند لایەنە و نایەوێ بە زمانێکی گێڕانەوەیی سانتیمانتاڵ لەو کارەساتە بدوێ. کارەساتی دمدم لە بەردینەدا، شکست و دابڕانە، شکست مرۆڤی تایبەت دەخوڵقێنێ. دوای کارەساتی دمدم دێمۆگرافیای کوردستان دەگۆڕێ و کورد لە ڕووی ڕووبەر و هێز و دەسەڵات و هەموو شتێکەوە لە کزی دەدا. بەڵام دوای دابڕان و تێکشکانی گەورە، ئەگەری سەرهەڵدانەوەیەک هەیە و کەسایەتی سەرەکی کۆڵێک گرێ و ڕق و تووڕەیی لە ناخدایە. بەردینە بە هیوایەکی کەمەوە دەست پێ دەکا و تەواویش دەبێ. کەسایەتی سەرەکی دوای شکست و داڕمانی گەورە، هیوا و ئومێدێکی زۆرکەمی لە دەروون ماوە، کە ئیمکانی سەرهەڵدانەوە و گەشانەوەی هەیە و نییە!
▫️ڕاویی بەردینە هەوڵ دەدا ئەو بەشانەی ئەسکەندەربەگی تورکمان نووسەری کتێبی مێژووی عالەم ئارای عەباسی بە قازانجی دەسەڵات سانسۆری کردوون، هەر لە زمانی ئەسکەندەربەگەوە، بگێڕێتەوە!
▫️نووسەر هەوڵی داوە کەسایەتییە مێژووییەکان بکاتە کەسایەتی ناو ڕۆمان و لە مێژوو بە قازانجی ڕۆمان کەڵک وەرگرێ.
▫️سەیدقادر هیدایەتی لە بەرهەمەکانی پێشوویدا، کووچە و بازاڕ و خانەقا و نەخۆشخانە و بە گشتی بەشەکانی خوارێ کۆمەڵگای ڕەوایەت دەکا، لە بەردینەدا کامێرای گێڕانەوە سەرتر دەڕوا و دەچێتە ئاستی دیوان و دەرباری شا و وەزیرەکان و زمانێکی دیوانیی کوردی دەخوڵقێنێ.
▫️وشەی بەردینە واتا سێبەری بەرد. ئیستعارەیە بۆ خولیای میرخانی برادۆست و هاوڕێیانی لە قەڵای دمدم